دوای سێ ڕۆژ لێكۆڵینەوە لە لافاوەكەی چەمچەماڵ، عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رای گەیاند، هەنگاوی یەكەم بۆ كۆتاهێنان بە كارەساتی لەمجۆرە، دوورخستنەوەی قایمقام و سەرۆكی شارەوانیی چەمچەماڵە.
ئەمڕۆ شەموو 13ی كانوونی یەكەم، عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە شوێنی لافاوەكەی چەمچەماڵ بڵاو كردەوە و رای گەیاند، كەمتەرخەمی و گەندەڵیی زۆر كراوە، بۆیە هەنگاوی یەكەم بۆ رێگرتن لەو جۆرە كارەساتە، دوورخستنەوەی قایمقام و سەرۆكی شارەوانیی چەمچەماڵە.
ڕوونیشی كردەوە كە هەموو بەڵگە و نەخشەكانیان كۆ كردووەتەوە كە ئەو لافاوە چۆن دروست بووە، بۆیە سوورن لەسەر ئەوەی قایمقام و سەرۆكی شارەوانیی چەمچەماڵ دەدەن بە دادگا.
دووپاتی لەوەیش كردەوە، ناكرێ كەمتەرخەمیی دوو بەرپرسی ئیداری، زیانی گیانی و مادی وا گەورە لە ناوچەیەكی وەك چەمچەماڵ روو بدات.
ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2025، لافاوێكی بەهێز سنووری چەمچەماڵی گرتەوە، بەهۆیەوە دوو كەس خنكان و زیاتر لە شەش كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، ئەوە جیا لەوەی كە زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت كەوت.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هەرزوو هاتە سەر هێڵ و فەرمانگە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە بە خێرایی كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاساییبوونەوەی چەمچەماڵ.
لە پاڵ حكوومەتدا، هەریەك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كوردستان فاوەندەیشن و دەزگای روانگە فریای خەڵكی سنوورەكە كەوتن.