دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێی "وشە"وە رای گەیاند كە دەرمان و پێویستی تەندروستی بۆ چەمچەماڵ دەبات، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە خزمەتی زیاتری چەمچەماڵ دەكەن.
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەشێوەیەكی مەیدانی چووە چەمچەماڵ بریندار و نەخۆشەكانی لافاوەكەی بینی و بەڵێنی چارەسەری تەواوی پێدان.
وەزیری تەندروستی بۆ "وشە" گوتی، بەیانی ئەمڕۆ ئاگەدارم كردن دەچمە چەمچەماڵ و پێویستی تەندروستی دەبەم، ئێستە لەوێم و لە نزیكەوە بریندارەكانم بینی، هەرچەندە پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر داودەزگاكانی تەندروستیی سنوورەكە هەیە بەهۆی وەرزی سەرما و نەخۆشییە وەرزییەكان، بەڵام هەمووان چارەسەر دەكرێن.
دووپاتی كردەوە كە لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بڕێكی زۆر باش دەرمان و پێداویستیی پزیشكیمان گەیاندە نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ كە نزیكەی 25 تۆن دەبن و دەرمانی فریاكەوتن، نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پێداویستیی نەشتەرگەری و تاقیگە لەخۆدەگرن.
دووپاتی كردەوە كە باڵەخانەی نەخۆشخانەی شارەدێی شۆڕش كۆنە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە خزمەتی زیاتری سنوورەكە دەكەین.