خۆشناو: هەولێر وەك هەمیشە ژمارە یەك دەبێت لە پشتیوانی چەمچەماڵ

:: PM:04:23:13/12/2025 ‌
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە كە دەبێت وەك هەمیشە هەولێر ژمارە یەك بێت لە پشتیوانییەكانی بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ.

ئەمڕۆ شەموو 13ی كانوونی یەكەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، رای گەیاند، كەمپینەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ بەردەوامی هەیە و دەبێت هەولێر وەك هەمیشە ژمارە یەك بێت لە پاڵپشتی خەڵكی لێقەوماوی چەمچەماڵ. 

باسی لەوەیش كرد كە جیا لە كەمپینەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری، رێكخراوەكانی خێرخوازی ئێستە تیمەكانیان لە چەمچەماڵن بۆ هاوكاری خەڵكی. 

لێدوانی ئومێد خۆشناو لە كاتێكدایە كە چەندان كەمپینی جۆراوجۆ بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری لێقەوماوانی چەمچەماڵ پێكهێنراون، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا رێكخراوەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و روانگە و كوردستان فاوەندەیشن بەردەوامن لە خزمەتكردنی خەڵكی چەمچەماڵ.

ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2025، لافاوێكی بەهێز سنووری چەمچەماڵی گرتەوە، بەهۆیەوە دوو كەس خنكان و زیاتر لە شەش كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، ئەوە جیا لەوەی كە زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت كەوت. 

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هەرزوو هاتە سەر هێڵ و فەرمانگە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە بە خێرایی كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاساییبوونەوەی چەمچەماڵ. 

لە پاڵ حكوومەتدا، هەریەك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كوردستان فاوەندەیشن و دەزگای روانگە فریای خەڵكی سنوورەكە كەوتن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم