وەزارەتی ناوخۆی كوردستان زیانمەندانی لافاوەكەی كەركووك قەرەبوو دەكاتەوە

:: PM:05:27:13/12/2025 ‌
بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەكان رای گەیاند كە لە سبەینێوە دەست بە هاوكاری بۆ لێقەوامانی لافاوەكەی كەركووك دەكەن. 

ئەمڕۆ شەموو 13ی كانوونی یەكەم، سروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی ئەو گەڕەكانەی كەركووكی كردووە كە لە لافاوەكەی چەند رۆژی رابردوودا زیانمەند بوون. 

روونیشی كردەوە كە تیمەكانیان لە یەكەم ڕۆژەوە شانبەشانی خێزانەكان بوون بۆ پاككردنەوەی ماڵەكان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی بۆ ژیانیان.

باسی لەوەیش كرد كە تێبینییان كردووە هاوكارییەكان تا ئێستە تەنیا لە سەبەتەی خۆراكدا سنووردار بووە، كە ئەوەش بەس نییە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، بۆیە بڕیاریانداوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانەوە لە شاری كەركووك، لە سبەینێوە دەست بكەین بە دابەشكردنی هاوكارییەكان بەسەر سەرجەم ئەو خێزانانەی كە زیانیان بەركەوتووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم