چەمچەماڵییەكان نامەیەكی تر بۆ یەكێتی دەنێرن و تێدا دەڵێن، خوا شاهیدە ئەگەر لە دوای لافاوەكەوە هاوكارییەكانی پارتی و حكوومەتی هەرێم نەبوایه بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ، دەبوو ئێستەش چاوەڕێی ڕەحم و بەزەیی ئێوە و شنیار ئەنوەرمان بكردایە و وەك سواڵكەر دەستمان لێتان پان بكردایە.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی یەكەم، لە نامەیەكی چەمچەماڵییەكان بۆ یەكێتی هاتووە، كاك قوباد خۆت و حزبەكەت لە جیاتی پاداشتی چەمچەماڵ بكەن لەسەر ئەوەی 85%ی چەمچەماڵییەكان لە هەڵبژاردنەكان دەنگیان بە یەكێتیی داوە، پاشان بافڵی برات لە كاتی بانگەشە دەیگوت منیش تەبیعەتم چەمچەماڵییە و چەمچەماڵ وەك تیكساسی ئەمەریكا وایە، خۆمان بە خاوەنی چەمچەماڵ دەزانین و لە بەغدا بەرگریمان لە چەمچەماڵ كردووە، خۆمان بە خەمخۆری خەڵكی چەمچەماڵ دەزانین، ئیتر هەزاران قسەی بێ مانای تر.
لە نامەكەدا هاتووە و دەپرسن، ئەی كوا؟ خۆت و بافڵی برات و حزبەكەتان چیتان بۆ چەمچەماڵ كرد، خۆزگە بەقەد گوندێكی هەولێر كە پارتی خزمەتیان دەكات، ئێوەش خزمەتی قەزای چەمچەماڵتان بكردایە، تەنیا بەقەد گوندێكی هەولێر زیاتر نا.
لە نامەكەدا ئەوەش دەڵێن، خوا شاهیدە ئەگەر لە دوای لافاوەكەوە هاوكارییەكانی پارتی و حكوومەتی هەرێم نەبوایە بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ، دەبوو ئێستەش چاوەڕێی ڕەحم و بەزەیی خۆت و شنیار ئەنوەرمان بكردایە و وەك سواڵكەر دەستمان لێتان پان بكردایە.
دەشڵێن كاك قوباد، شـنیار ئەنوەر لووت و دەم و لچ و گوپ و مل و سینگ و تا خوارەوەی بە پارەی یەكێتیی بچووك كراوەتەوە، كەچی لە میدیاكانت سـووكایەتی بەئێمە دەكەی و خەمەكانمانت گەورەتر كردووە .
لە كۆتایی نامەكەدا هاتووە، تا ئەم چركەیەش خۆت و حزبەكەت هیچتان بۆ زیان لێكەوتووانی چەمچەماڵ نەكردووە و دڵنیاین هیچیش ناكەن، بەڵام بەرژدی خەتای ئێوە نییە و خەتای ئێمەی چەمچەماڵییە.