مامۆستای زانكۆ دەڵێت، پێشتر دیاردەی تەشهیر لە پەیجەكان بوو، ئێستە بەداخەوە لە كەناڵی فەرمی دەكرێت، بۆیە پێویستە رێنوێنیی بۆ دەربكرێت و رابگیرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی یەكەم، نەزاكەت حوسێن مامۆستای زانكۆ، بە"وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە لە بەشێك لە میدیاكان، رووداوەكانیش كراوەتە ململانێی سیاسی و ئەوەش بەداخەوە زۆر خراپە.
زیاتر گوتی، بابەتی لافاو دەبێت بەشێوەی زانستی قسەی لەسەر بكرێت و سۆزی خەڵك و حكوومەتی بۆ رابكێشرێت بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵك بكەن، هەروەها بۆچوونی كەسانی پسپۆڕ و خەڵكیش وەربگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چیی كراوە و چی هۆكار بوو.
باسی لەوەش كرد، بەداخەوە هەندێك لە میدیاكان دەیكەن بە موزایەدە و خۆدەرخستن، وای لێ هاتووە كاری خێرخوازی و مرۆییەكە بزر بووە، ئەوەش جگە لە رووداوە سروشتییەكە، پشێوی دەخەنە دڵی هاووڵاتییان.
روونی كردەوە، بەداخەوە پێشتر كەناڵە سێبەرەكان ئەوەیان دەكرد، بەڵام ئێستە كەناڵی فەرمی لە شاشەكەی تەشهیر بە حكوومەت و بە خەڵك دەكات.
دەشڵێت، بۆیە پێویستە رێگریی لەوە بكرێت و رێنوێنیی بۆ ئەو جۆرە رووماڵە دەربچێت، پێشتر ڕێنوێنی دەرچوو كاتێك رووداوێكی كۆمەڵایەتی هەبوو، نابێت بە ئاقارێكی خراپ رووماڵ بكرێت، ئەوەش دەبێت رێكبخرێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی پشێوی لەناو لایەنەكان و خەڵك دروست دەكەن دەبێت، سزا بدرێن.