بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پەروەردە 55 هەزار كتێبی نوێ بۆ قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ دابین دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی یەكەم، ڕێژەن دلێر بەڕێوەبەری هۆبەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، ئامادەكارییەكان لە كۆگەكانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات بۆ گواستنەوەی كتێبە نوێیەكان دەستیان پێ كردووە.
زیاتر گوتی، بڕیارە كتێبەكان بەسەر نزیكەی پێنج هەزار قوتابیدا دابەش بكرێن كە لە ئەنجامی لافاوەكەدا كتێبەكانیان لەناو چوون.
ڕوونی كردووەتەوە، ئەمە قۆناغی یەكەمی هاوكارییەكانە. كتێب بۆ پۆلەكانی یەك تا شەشی بنەڕەتی بۆ 750 قوتابی دابین كراوە. هەروەها بۆ پۆلەكانی حەوت تا نۆی بنەڕەتیش نزیكەی 500 قوتابی كتێب وەردەگرن و پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە رۆژی نۆی كانوونی یەكەم، لافاو ئەو سنوورەكەی گرتەوە و زیانێكی زۆر بە قوتابخانەكان گەیشت.