لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕێك پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج كرا و لەم هەفتەیە دوای رێكارە ئیدارییەكان، دەست بە خەرجكردنی دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی یەكەم، سەدرەدین قەرتاجی ئەندامی كۆمەڵەی جووتیاران، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی بڕی 24 ملیار دینار بۆ جووتیارانی كوردستان خەرج كراوە.
زیاتر گوتی، بڕی 24 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێم، هەرچەندە ئەو پارەیە زۆر كەمە و ئەمساڵ ناردنی پارە زۆر دواكەوتووە.
رۆژی دووشەم هەشتی كانوونی یەكەم، وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، بڕی 233 ملیار و 999 ملیۆن دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی بازرگانی، وەك شایستەی دارایی جووتیاران بۆ بەرهەمی گەنم و جۆی وەرزی كشتوكاڵی 2025.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئەمە دەبێتە گوژمەی حەوتەم كە خەرج دەكرێت، لە كاتێكدا تا ئێستە تەنیا دوو گوژمە پارەی جووتیارانی هەرێم نێردراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان، تەنیا 72 ملیار و 500 ملیۆن دینار نێردراوە و نزیكەی 248 ملیار دیناری تر ماوە.