"وشە" بەڵگە و ناوی ئەو زەوی و كەسانەی دەست كەوتووە كە زەوییە گرانبەهاكانیان پێ دراوە، لە كاتێكدا شارەوانیی سلێمانی ئامادە نییە زەویی فەرمانبەران رێك بخات و دابەشی بكات، بەڵام چووە هەرچی زەویی گرانبەهایە پێشكەشی فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیی كردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" دابەشكردنی زەوی بە نایاسایی بەردەوامە و ئەو زەوییانەی كە لە ماستەرپلان بۆ خزمەتگوزاری دیاری كراون، لەلایەن شارەوانی و هێزە تەناهییەكانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دابەشی دەكەن.
ئەوانەی لەو كارەی سلێمانی بە هاوكاریی سەرۆكی شارەوانی تێوەگلاون بریتین لە دیار عومەر بەرپرسی هێزی كۆماندۆ، وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی هێزی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش.
هەر ئەوەندە نییە "وشە" ناوی زەوییەكانیشی دەست كەوتووە كە لە ساڵی 2024 لە نێوان خۆیاندا دابەشیان كردووە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
زەوییەكانی گەڕەكی ئاوبارە 170 پارچە زەوییە بەسەر كارمەندانی دژەتیرۆر دابەش كراوە، زەوییەكانی گەڕەكی ڕاپەڕین نزیك پڕۆژەی میران ستی 162 پارچە زەوییە بەسەر هێزی كۆماندۆ دابەش كراوە.
هەروەها بە كارئاسانی شارەوانیی سلێمانی، زەوییەكانی گەڕەكی وڵوبە كە 300 پارچە زەوییە، بەسەر هێزی دەڵتای قوباد تاڵەبانی دابەش كراوە و زەوییەكانی گەڕەكی چوارچرا بەسەر هێزی (ئۆپەراسیۆن) دابەش كراوە.
جا خەڵكی سلێمانی باش بزانن، كاتێك بڕیار لەسەر دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەدرێ و شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، زەوی بەردەستییان نییە، ئەوە هۆكارەكەیە كە ساڵی رابردوو هەموویان لەناو خۆیاندا دابەش كردووە.