پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی لەبارەی كەمپێنەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری چەمچەماڵ بڵاو كردەوە و دەڵێ، ئەوەی لەشەقام كراوە رێگەپێدراو نییە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە رۆژی یەكشەمی ڕابردوو بارانێكی بەخوڕ هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لە چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكە لافاو دروستبوو، جگە لە زیانێكی زۆری مادی چەند كەسێكیش گیانیان لەدەستدا، بە سوپاسەوە وەك هەمیشە شاری هەولێر و خەڵكەكەی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوكاری و كۆمەك كۆكردنەوە بۆ زیانلێكەوتووان ژمارە یەك بوون و چەندین كەمپینی جۆراوجۆ لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازان و خوداپێداوان و ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕاگەیندرا، ئەوەش ماییەی پێزانینە.
"بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیە، كەسانێك لێرە و لەوێ بەناوی كەمپین و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە سەر شەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن و قەرەباڵغیەكی زۆر دروست دەكەن و هاووڵاتیانیان نیگەران كردووە، هەموو لایەك ئاگەدار دەكەینەوە ئەو شێوازە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراو نیە، ئاسایش و پۆلیسی و پۆلیسی هاتوچۆ دەستكراوەكراون بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەركەسێك ئەو جۆرە كارە ئەنجامبدات، هوشداری دەدەینە هاوڵاتیانیش بە هیچ شێوەیەك بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، كە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی كۆمەك و هاوكارییەكانیان" لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە هەركەسایەتی و لایەنێك و شوێنێك دەیەوێت كەمپین ڕابگەینێ لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پێوەندیدارەكانەوە داواكاری خۆی پێشكەش دەكات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی كەمپین و كۆمەك كۆكردنەوە، نەك بەناوی كۆمەك و هاوكاری زیانلێكەوتووان و لێقەوماوان شەقامی گشتیی و ڕێگای هاتوچۆی هاووڵاتییان دابخەن و ناڕەحەتی و نیگەرانیان بكەن.