پەروەردەی چەمچەماڵ: پێش لافاوەكە داوامان لە پارێزگاری سلێمانی كرد بیكەینە پشوو بەڵام رازی نەبوو

:: AM:11:15:15/12/2025 ‌
عەبدوڵا حەمەكاكە بەڕێوەبەری دەستلەكاركێشاوەی پەروەردەی چەمچەماڵ ڕای گەیاند، شەوی رووداوەكەی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ پارێزگار گفتوگۆیەكی تەواویان كرد، تا بیكەنە پشوو، بەڵام پارێزگاری سلێمانی رێگەی نەدا بیكەینە پشوو.

عەبدوڵا حەمەكاكە ئەمڕۆ دووشەم 15ی كانوونی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "دوێنێ بە ئارەزوومەندانە دەستم لەكار كێشایەوە، بەڵام ئەم روونكردنەوەیە دەدەم، لەبەرئەوەیە كە پەروەردە بە كەمتەرخەم دانراوە بەهۆی ئەوەی كە پشووی رانەگەیاندووە".

ئاماژەی بەوە كرد، "شەوی رووداوەكە واتا هەشتی 12ی 2025، گفتوگۆ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كرا تا پەروەردە بیكاتە پشوو، بەڵام پارێزگاری سلێمانی رازی نەبوو.

گوتیشی، هەموو كاتێك ئەگەر پشو رابگەیەنرێت، دەبێت رۆژێك پێشتر كەسوكاری قوتابیان ئاگادار بكەینەوە، شەوی پێش رووداوەكە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لەگەڵ پارێزگار گفتوگۆیەكی تەواویان كرد، بەڵام ڕێگە نەدرا واتا پشووەكە سەری نەگرت، ئاگاداریان كردینەوە كە پشوو نییە و پارێزگار لەگەڵ پشوودا نییە".

ئەوەشی گوت، "لە كاتی رووداوەكەدا هەموو مامۆستایان و پەروەردە و ستافی ئیدارەی قوتابخانەكان، باشترین ڕێگەیان هەڵبژارد بۆ رزگاركردنی قوتابیان، لە كۆی زیاتر لە 55 هەزار قوتابی سوپاس بۆ خودا تەنیا یەك برینداریشمان نەبوو".

بەڕێوەبەری دەست لەكاركێشاوەی پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت، لیژنەی لێكۆڵینەوە بانگهێشتیان كردووە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارێك بداتەوە، هەرچەندە "پێیان گوتم زۆریش پێویست نییە، گوتیان یەك پرسیارمان هەیە بۆ پەروەردە، بۆچی نەكراوە بە پشوو؟ منیش سێ بەڵگەم لابوو پێشكەشم كرد، كەواتا پەروەردەی چەمچەماڵ بەهیچ شێوەیەك كەمتەرخەم نەبووە".



وشە - سۆران عەزیز