ئیتر لە فەرمانگەكاندا كارئاسانی بۆ كورتەباڵاكان دەكرێت

:: PM:02:43:15/12/2025 ‌
وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داواكاریی كورتەباڵاكانی كوردستانی پەسند كرد كە داوایان كردبوو لە فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتەكە تایبەتمەندییان پێ‌ بدرێت. 

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتەكە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، پێشوازیی لە وەحید سەعید چیچۆ سەرۆكی گشتیی كورتەباڵاكانی كوردستان و شاندێكی باڵای كۆمەڵەكە كرد.

ئەندامانی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان داوایان كرد لە كاتی سەردانیكردنی فەرمانگەكانی كارەبا، ڕەچاوی تایبەتمەندێتیی كورتەباڵاكان بكرێت.

 وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەزیری كارەبا ڕەزامەندیی دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستە گشتاندنێك بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەت دەردەكرێت، بۆ ئەوەی پابەندی پاراستنی ماف و ئیمتیازەكانی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بن، بەتایبەتی لە كاتی سەردانكردنی فەرمانگە و داودەزگاكانی وەزارەت، كارئاسانیی تەواویان بۆ بكرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم