بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەبارەی ڕێوڕەسمی كریسمس و شەوی سەری ساڵ و ئامادەكارییەكانی ماڵئاواییكردن لە 2025 و پێشوازیكردن لە ساڵی نوێ، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا.
لە كۆبوونەوەكەدا لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو و نایاسایی، گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەناهیی پێویست، ئەرك بەسەر تەواوی هێزە تەناهییەكان (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیسی فریاكەوتن، چالاكییە مەدەنییەكان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەكان) لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێدەكەن دابەش كرا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، دووپاتی لەلایەنەكان كردەوە بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێككارەكانی تایبەت بە خۆیان، بۆ پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران كە ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی ترەوە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكەن، هاوئاهەنگ و هاوكاری یەكتربن.
پارێزگاری هەولێر، دڵنیایی بە هاووڵاتییان و هاوشاریانی هەولێری پایتەخت دا، بەهەموو توانایەكەوە بەپشتبەستن بە توانا و چاوكراوەیی هێزە تەناهییەكان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشی لە هاووڵاتییان كرد وەك هەمیشە هاوكار و هاوئاهەنگی هێزەكانی ناوخۆ بن.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دوای گفتوگۆكردن لەبارەی دیاردەی سواڵكردن لە ترافیك و ناو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەكان و شوێنە گشتییەكان، دووپات لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوەی ناو كۆمەڵگە كرایەوە كە كەسانێك خوویان پێوە گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر لایەنە پێوەندیدارەكانی ڕاسپارد بەپێی ڕێنوێنی و یاسا بەركارەكان بۆ نەهێلانی دیاردەی سواڵكردن ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.