حكوومەت رێگەی ژمارەیەك لە گوندەكانی دەربەندیخان و قەرەداغ و بازیانی قیرتاو كرد

:: PM:04:22:15/12/2025 ‌
لە چوارچێوەی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، رێگەی ژمارەیەك لە گوندەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی قیرتاو دەكرێن.

یەكێك لە پڕۆژەكان قیرتاوكردنی رێگەی گوندی سەركۆ لە قەزای قەرەداغ بوو، كە پێكهاتووە لە رێگەیەك بە درێژی 1.3 كیلۆمەتر، بە گوژمەی زیاتر لە 425 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە جێبەجێ دەكرێت.

هاوكات رێگەی نێوان شەقامی سەرەكی و وێستگەی كارەبای تانجەرۆ قیرتاو كرا، درێژیی رێگەكە 2.1 كیلۆمەترە بە گوژمەی 113 ملیۆن دینار.

رێگەی گوندی كانی سارد بۆ گۆڕستانی كانی سارد لە دەربەندیخان یەكێكی تر بوو لە پڕۆژەكان، كە لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕی 108 ملیۆن دینار جێبەجێ كرا، كارئاسانی بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی سنوورەكە دەكات و گرفتی هاتوچۆیان چارەسەر دەكات.

هاوكات یەكێكی تر لە پڕۆژەكان قیرتاوكردنی رێگەی گوندی بەگەجانە لە بازیانە، كە درێژیی رێگەكە 1.1 كیلۆمەترە بە گوژمەی زیاتر لە 125 ملیۆن دینار جێبەجێ‌ كراوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم