بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆببنەوە، بەپێی زانیارییەكانیش كۆبوونەوەكە لە پیرمام ئەنجام دەدرێت و بابەتی یەكهەڵوێستی لە بەغدا و پێكهێنانی حكوومەت باس دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆبوونەوەكە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەكتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بەڕێوە دەچێت.
كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و بابەتی دووەمیش گفتوگۆیە لەسەر یەكهەڵوێستی و پۆستەكانی بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی و ئەندامێتیی رێواز فایەق و دەرباز كۆسرەت و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
هاوكات شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەندامێتیی پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییە.
تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، درێژەپێدانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
پێشتر قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندبوو، ئەم هەفتەیە هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە.
ئەمە دەبێتە یەكەم كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت، لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.