جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ جووتیارانی سنووری خورماتوو كۆ بووەتەوە، لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی زەویوزاریان بەتایبەتیش لە گوندەكانی ئەلبوسەباح و تەپەسەوز، نووسراوێكیان بەژمارە 40 لە 4.10.2025 ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كرد، بەوەی نوێكردنەوەی گرێبەستی هاوردەكان رابگرێت و نوێ نەكرێتەوە، چونكە ئەو ناوچانە سنووری مادەی 140ن.
د. شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوە كردووە، بەپێچەوانەی نووسراوی كشتوكاڵی پارێزگای سەڵاحەدین كە دەڵێت: ئەو زەوی و ناوچانە بڕیارەكانی مادەی 140 و بڕیاری ژمارە 29ـی لیژنەی "شئوون شیمال" و یاسایی پووچەڵكردنەوەی بڕیارەكانی بەعس نایانگرێتەوە.
ئەوەشی گوت، بۆ ئەم بابەتە وەزارەتی كشتوكاڵ داوای لە لیژنەی مادەی 140ـی ئەنجوومەنی وەزیران كرد ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە، خۆشبەختانە لیژنەی مادەی 140 بەنووسراویان ژمارە 1334 لە 11.12.2025، وەڵامی وەزارەتی كشتوكاڵی دایەوە كە ئەو زەوییانە مادەی 140 دەیانگرێتەوە و بەشێكن لە یاسای پووچەڵكردنەوەی بڕیارەكانی بەعس".