بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئامارە سەرەتاییەكانی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم شەش ملیۆن و 519 هەزار و 129 كەسە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی یەكەم، سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئامار لە گوتەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، كۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە، گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 كەس.
ڕوونیشی كردەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن و 519 هەزار و 129 كەسە. بەڵام ژمارەی دانیشتووانی چەند شارەدێیەك كە لە ژێر ئیدارەی حكوومەتی هەرێمدان، لەو ئامارەدا هەژمار نەكراون.
لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری و پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، سیروان محەمەد نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕای گەیاند: "حكوومەتی فیدراڵ دەڵێت سەرژمێری سیاسی نییە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی كە هەمیشە ئەم پرسە بە سیاسی كراوە".
ئاشكراشی كرد، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك، هێشتا بەغدا ئەو مەرجانەی جێبەجێ نەكردووە كە حكوومەتی هەرێم داوای كردبوون، لەوانە دامەزراندنی "سەنتەری داتا" لە هەرێم هاوشێوەی بەغدا، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
بریكاری وەزارەتی پلاندانان داواشی كرد، پرسی جێبەجێكردنی مەرجەكانی تایبەت بە سەرژمێری، بكرێتە بەشێك لە پاكێجی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت كە داتاكان بۆ مەرامی سیاسی بەكار ناهێنرێن.