نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەكات و ڕای دەگەیەنێت، بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم دەستكەوتە جیهانییەتان لێ دەكەم كە تێیدا هاندەرانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ لەلایەن فیفاوە، وەك باشترین و كاریگەرترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان كران.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم دەستكەوتە جیهانییەتان لێ دەكەم كە تێیدا هاندەرانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ لەلایەن فیفاوە، وەك باشترین و كاریگەرترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان كران.
دەشڵێت، ئەم نازناوە جیهانییە، تەنیا سەركەوتنێك نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵكو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
باس لەوەش دەكات، ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگەكەتان كردە تابلۆیەكی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی كوردستانتان بە جیهان گەیاند.
ئاماژە بەوەش دەكات، دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵكی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەكەیان، نموونەیەكی باڵایە. هیوادارم هەمیشە وەك پێشەنگ بمێننەوە و پاڵپشتێكی بەهێز بن بۆ پێشكەوتنی وەرزش و بەرزڕاگرتنی ناوی كوردستان.