وەزیری پەروەردە: هەشت بڕیارمان بۆ چەمچەماڵ داوە

:: AM:09:13:17/12/2025 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بە شێوەیەكی ڕەمزی رێوڕەسمی رۆژی ئاڵا لە یەكێك لەو قوتابخانانە ئەنجام داوە كە بەهۆی لافاوەكەوە زیانی زۆری بەركەوتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە چەمەچەماڵ رای گەیاند، بەهۆی كاریگەرییەكانی لافاوەكەی ئەمدواییە، بڕیارمان دا لەو ناوەندانەی خوێندن كە سەربە پەروەردەی چەمچەماڵ و پەروەردەی گشتیی سلێمانین، دەوام ڕابگیرێت تا ئەو كاتەی دەتوانین قوتابخانەكان دەخەینەوە بواری خزمەت.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەوەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان هەروا تێنەپەڕێت، بەشێوەیەكی ڕەمزی رێوڕەسمەكەیان لە یەكێك لەو قوتابخانانە ئەنجام داوە كە بەهۆی لافاوەكەوە زیانی زۆری بەركەوتووە.

باسی لەوەش كرد، نزیكەی 80 ساڵ پێش ئێستە ئەم ئاڵایە لە مەیدانی چوارچرا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد و مستەفا بارزانیی نەمر، هەڵكراوە و ڕادەستی ئێمە كراوە تا نەوە دوای نەوە لە سایەیدا خزمەتی خەڵك و خاكەكەمان بكەین."

وەزیری پەروەردە دڵنیایی دایە دانیشتووانی چەمچەماڵ كە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنن و ڕوونی كردەوە، دوای بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیران و ڕاسپاردنی داودەزگاكانی حكوومەت، چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستە سەردانی ئەم سنوورەمان كرد و هەشت بڕیارمان دەركرد، خۆشبەختانە لە ماوەی شەش ڕۆژدا سەرجەم بڕیارەكانمان جێبەجێ كردووە.

باسی لەوەش كرد، سەرجەم مامۆستایانی سنووری چەمچەماڵ سوپاس و پێزانینیان پێشكەش دەكرێت، بەهۆی هەوڵەكانیان لە كاتی لافاوەكەی رۆژی هەشتی ئەم مانگە.


وشە - رامیار جەواد