بۆ ئەوەی قوتابخانەكان نۆژەن بكرێنەوە و پرۆسەی خوێندن دەست پێ بكاتەوە، بڕی 335 ملیۆن دینار لەلایەن حكوومەتەوە دابین كرا.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بە پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتیی 335 ملیۆن دینار وەك بودجەی فریاكەوتن و پێداویستی بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین كراوە.
زیاتر گوتی، ئەو پارەیە 130 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە (كاش) دراوەتە پەروەردەی سلێمانی بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە زیانلێكەوتووەكان، هەروەها 100 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەی كە پەروەردەی چەمچەماڵ داوای كردبوون، لەگەڵ 101 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی 85 هەزار كتێبی نوێ و دوو هەزار جانتا و پێداویستی نووسین (پەڕاوگە).
لەبارەی پڕۆژەكانی پێشووی سلێمانی، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا كە لە ساڵی 2022ـەوە، ڕەزامەندیی بۆ خەرجكردنی زیاتر لە پێنج ملیار دینار دراوە بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردن و تەواوكردنی قوتابخانەكانی سنووری سلێمانی، داوای لە ڕۆژنامەنووسان كرد بەدواداچوون بكەن بزانن چەند لەو بڕە پارەیە خەرج كراوە.