سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند، ئەم ئاڵایە بە درێژایی مێژوو و هەر لە وەختی دروستبوونیەوە تا ئێستە، چەندان جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید لە كوردستاندا.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە قەڵای هەولێر ڕێورەسمێكی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە نوێنەران و كەسایەتییەكانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بەشدار بوون، سەرۆكی حكوومەت لە گوتەیەكدا وێڕای پیرۆزباییكردنی ڕۆژی ئاڵای كوردستان، دووپاتیشی كردەوە كە ئاڵای كوردستان، هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئەم ئاڵایە بە درێژایی مێژوو و هەر لە وەختی دروستبوونیەوە تا ئێستە، چەندان جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید لە كوردستاندا. هەروەها لە پێناوی بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە، هەزاران تێكۆشەری تر لە زیندانەكان گیانیان سپاردووە یان بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتوون، یان لە لووتكەی چیاكان و پانتایی دەشتەكان گیانیان سپاردووە، بۆیە ئەركی هەموومانە ئەو ئاڵایە بەرز رابگرین.
سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ئێستەش لە ژێر سایەی ئەم ئاڵا پیرۆزە، بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر هەنگاو دەنێین، بۆیە بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.