ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕای گەیاند، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەلومەرجێكی نوێ هاتووەتە ئارا، لەبارەی كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتیش دەڵێت: بڕوا ناكەم خاڵی ناكۆكیی قووڵمان هەبێت، بەڵام تێڕوانینی جیاجیا هەیە.
دەرباز كۆسرەت رەسووڵ ئەمڕۆ چوارشەم لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێیان لەگەڵ پارتی ڕای گەیاند، "كۆبوونەوەكەمان خراپ نەبوو، راشكاوانە بوو، پارتی تێڕوانینی خۆیان هەیە و ئێمەش تێڕوانینی خۆمان هەیە، بەڵام ئومێد دەكەین كە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵك بكرێتە ئەولەوییەت و لە بیری تەسكی حزبی دوور بكەوینەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ناكۆكییەكان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە نێوان هێزە سیاسییەكان، بووەتە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك مافی دەستووری لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، بۆیە هەموو لایەنەكان پێویستە بەرۆحییەتێكی نوێوە كار بكەن.
پێوەست بە خاڵی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی، دەرباز كۆسرەت رەسووڵ دەڵێت، "دوێنێ لە كۆبوونەوەكەدا نەچووینە وردەكاری، لە پێش هەڵبژاردنەوە هیچ كۆبوونەوەیەكمان نەكردبوو، لە دوای هەڵبژاردنیش هەلومەرجێكی تر هەیە، بڕوا ناكەم خاڵی ناكۆكی قووڵمان هەبێت، بەڵام تێڕوانینی جیاجیا هەبوو.