مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە ماچیج زایدڵ كونسوڵی گشتیی نوێی پۆڵەندا لە هەولێر كرد، سەرۆك بارزانی باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆڵەندادا هاتوون، بەڵام بە یەكگرتوویی و تێكۆشانیان توانیان بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ كە پۆڵەندا بووەتە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و دنیا.
ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەم 17ی كانوونی یەكەم، لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە ماچیج زایدڵ كونسوڵی گشتیی نوێی پۆڵەندا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی پۆڵەندا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی پێشان دا بە دیداری جەنابی سەرۆك بارزانی، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پۆڵەندا لە هەموو بوارەكاندا. هەروەها كونسوڵی پۆڵەندا دڵخۆشیی خۆی پێشان دا بۆ ئەو پێشڤەچوونانەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، ستایشی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، هەروەها ستایشی خۆڕاگری و تێكوشانی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و نەهامەتییانەی لە ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی نوێی پۆڵەندا لە هەولێر كرد، پشتیوانیی خۆی و هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدان و باشتركردنی پێوەندیی دوولایەنە. هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە ڕابردوودا بەسەر گەلی پۆڵەندادا هاتوون، بەڵام بە یەكگرتوویی و تێكۆشانیان، توانیان بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بن و بگەن بە ئەمڕۆ كە پۆڵەندا بووەتە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و دنیا.
دۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و مێژوو و خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان، باسكردن لە سروشت و دیمەنی جوانی ناوچەكانی كوردستان، تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون.