بەگوێرەی قسەی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئیتر دڵڕاگرتنی هیچ لایەنێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت لای پارتییەوە نەما.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی كانوونی یەكەم، كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی كۆبووەوە، بابەتی سەرەكیی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان و عێراق بوو. چاوەڕوان دەكرێ لە راگەیەنراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بخرێتە ڕوو.
جوان ڕۆژبەیانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە كەناڵی كوردستان24ی گوت، لە كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كران، دوو شاندی دانوستانكاری جیاواز بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری كران.
ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوە دا، ئەمجارە بەگوێرەی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەكە بۆ پێكهێنانی حكوومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن.
"پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەكێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت كە بەر چ لایەنێكی كوردی دەكەوێت." جوان رۆژبەیانی وای گوت.
وەك دووپاتی لەوە كردەوە كە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشكردنی پۆستەكانیش دەكرێت. دووپاتیشی كردەوە: "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێك پۆست كردبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، ڕەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و دڵڕاگرتن نەما."