کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی، تاوتوێی دۆخی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکەی کرد و ڕای گەیاند، یەکێتی بەهۆی "لێکدانەوەی هەڵە" بۆ هەڵبژاردنی عێراق، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حكوومەتی هەرێمی دواخست، هاوکات پارتی مەرجەکانی بۆ بەشداری لە حكوومەتی عێراق و چوونی شاندەکەی بۆ بەغدا ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی کانوونی یەکەم، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجام دا و لە ڕاگەیەنراوێکدا وردەکاریی پێنج تەوەرەی بڵاو کردەوە:
تەوەری یەکەم: هۆکاری دواکەوتنی کابینەی دەیەم
پارتی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی تا ئێستە نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێک بهێنرێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پارتی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان سەردانی لایەنەکانی کردووە بۆ حكوومەتی بنکەفراوان، بەڵام بەشێکیان ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژاردووە.
سەبارەت بە یەکێتی، پارتی ڕای گەیاندووە "زۆر هەوڵمان دا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینیی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق، گفتوگۆکانیان بەبێ پاساو درێژ کردەوە تا دوای 11/11/2025".
پارتی دووپاتی کردووەتەوە، ئێستەش دەرگای گفتوگۆیان بۆ ڕێککەوتن بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن کراوەیە و بە باشی نازانێت پرسی پێکهێنانی حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵ بکرێن، دەبێت سەرەتا پرسی هەرێم چارەسەر بکرێت ئینجا هەنگاو بۆ بەغدا بنێن.
تەوەری دووەم: سەرکەوتنی پارتی لە عێراق
کۆمیتەی ناوەندی تیشکی خستووەتە سەر سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی 11ی 11ی 2025ی عێراق و ڕای گەیاندووە، بەدەستهێنانی متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگدەر و ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکان، بەری ڕەنجی خەبات و خوێنی شەهیدان و ڕێبازی بارزانییە".
کۆبوونەوەکە سوپاسی دەزگا تەناهییەکان، کادیران، پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدانی کردووە و داوای لە کاندیدە دەرچووەکان کردووە، هەموو توانایان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەری گرفتەکان و ببنە چاوی هەمووان بەسەر کارەکانی حكوومەتی فیدراڵەوە.
تەوەری سێیەم: یەکڕیزی لە بەغدا و مەرجەکانی پارتی
پارتی بە شایستەی دەزانێت کورد وەک نەتەوە بە یەکدەنگ بچێتە بەغدا نەک وەک پارتی سیاسی، لەسەر بنەمای (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان).
لە ڕاگەیەنراوەکەدا مەرج و داواکارییەکان دیاری کراون کە بریتین لە:
جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور.
دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی.
دامەزراندنی دادگای فیدراڵی بەپێی دەستوور.
دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.
گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە "نادادپەروەری تێدایە"
چارەسەری یەکجارەکیی مووچە و بودجە.
بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای پارتی دەستنیشان کراوە.
تەوەری چوارەم: ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، پارتی ڕای گەیاندووە، ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا سەبارەت بە چارەسەری دۆزی کورد و پڕۆسەی ئاشتی، جێگای ئومێد و دڵخۆشییە.
دەربارەی سووریاش، هیوای خواستووە گۆڕانکارییەکان ببنە هۆی دابینکردنی ماف و ئازادییەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەت گەلی کورد و وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگیرێت.
تەوەری پێنجەم: پتەوکردنی پێوەندی لەگەڵ جەماوەر
لە کۆتاییدا گفتوگۆ لەسەر شیکردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان کراوە و بڕیار دراوە ئۆرگانەکانی حزب ببنە پردی گەیاندنی داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی شار و لادێکان بە سەرکردایەتی و حكوومەت، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن.