ئامادەكارییەكان بۆ فێستیڤاڵی سەری ساڵ كۆتاییان هات، ئێوارەی ئەمڕۆ دەكرێتەوە و تا رۆژی یەكەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
ئەمساڵ لە هەولێر ئاهەنگی سەری ساڵ بەشێوەیەكی جیاواز بەڕێوە دەچێت، لە چەندان شوێنی شارەكە ئامادەكاری كراوە و هەولێر بەگەرمی پێشوازیی لە ساڵی نوێ دەكات.
هەموو ئامادەكارییەكانی بەردەم قەڵای هولێر تەواو بوون و ئێوارەی ئەمڕۆ سەعات شەش، فێستیڤاڵی سەری ساڵ لە هەولێر دەست پێ دەكات، كە تا رۆژی سەری ساڵ دەخایەنێت و رۆژانە ئاهەنگ و چالاكی هونەری پێشكەش دەكرێن.
كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، 90 كۆشك و خێوەت ئامادە كران و هیچ پارەیەك وەرنەگیراوە و ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانرێت بەنرخێكی كەم، خواردن و خواردنەوەكان بە هاووڵاتییان بدرێت.
50 هونەرمەند بەشداریی ئاهەنگەكە دەكەن و بڕیارە ئەمساڵ بازاڕی شار، گەرم بكرێت و تا درەنگانێكی شەو جمەی بێت لە گەشتیاران و خەڵكی شارەكە.
لە شەوی سەری ساڵدا یاریی ئاگرین بە رێژەیەكی زۆر ئامادە كراوە و وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ئاسمانی شارەكە بۆ چەندان سەعات رووناك دەكرێتەوە.