بەیانیی ئەمڕۆ رۆژنامەنووسێكی یەكێتی لەلایەن هێزەكانی حزبەكەیەوە لە هەولێر پەلامار درا، ئەمەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چەندان نووسەر و رۆژنامەنووس داوا دەكەن حكوومەتی هەرێم، سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی یەكێتی لە هەولێر دابنێت.
بەوپێیەی هەولێر وەك پایتەختی كوردستان بووەتە ناوەندی بڕیاری سیاسی و ئابووری كوردستان، دەبێت لە هەموو شارەكانی تر ئارامیی زیاتر تێدابێت و دەرفەت نەدرێت ئەو ئارامییەی بشێوێنرێت.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی یەكەم، میران بەكر لەبارەی ڕفاندنەكەی دەڵێت، توورەگەی ڕەشیان خستە سەرم و دوای كەلەبچەكردنم، بەشەق و بۆكس تێیانهەڵدام بۆ ماوەی سێ سەعات.
دەشڵێت، هەموو كەلوپەلەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان بردم و پاشان گوتیان هەڵەمان كردووە.
ئەم رووداوە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەمبارەیەوە نووسەری دیاری كورد شێركۆی هەژار نووسیویەتی، ئەی ئەگەر خوانەخواستە ئەم رووداوەش بە دەردی ئەوانی تر بڕۆشتایە چی دەكرا؟ هیچ.
باسی لەوەش كردووە، ئەوە چەندە فیلمەكانی باسی "تێكساس"ی سەردەمێك وەبیر دەهێنێتەوە، مەگەر ئەوە هەولێری پایتەختی هەرێمێكی كوردستانە یا تێكساسە؟
نووسەرانی تر داوا دەكەن حكوومەتی هەرێم سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییەی یەكێتی دابنێت، چیتر رێگە نەدا ئەو حزبە لە هەولێر كاری نایاسایی بكات و دڵەكوتێ بۆ خەڵكی شارەكە دروست بكات.
لەلایەكی ترەوە ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، داوای پێكهێنانی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكات لەبارەی ڕفاندن و ئەشكەنجەدانی ڕۆژنامەنووس میران بەكر سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمیی ڕێكخراوی پەیامنێران، ئەوانە هێزێكی سەربە یەكێتین و بە "هەمەجی" وەسفی كردوون، هەڵیانكوتاوەتە سەر رۆژنامەنووس میران بەكر و لێیان داوە و ئەشكەنجەیان داوە. ڕێكخراوەكە دەڵێت: "پاش ڕفاندن و ئەشكەنجەدان و بردنی كەلوپەلەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكەی، لە شوێنێكی نزیك هەولێر فڕێ دراوە."
هاوكات ئەسكەندەر زار كە شاعیرێكە و لە هەولێر نیشتەجێیە رای دەگەیەنێت، چیتر نابێت دەزگاكانی تەناهیی هەولێر ئەم كارانە قبووڵ بكەن، دەبێت سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانەی بەناوی یەكێتییەوە دەكرێت دابنرێت.