دوای ئەوەی "وشە" ڤیدیۆیەكی مامۆستا ئامەدی لە قوتابخانەی "خانزاد" لە رۆژی ئاڵای كوردستان بڵاو كردەوە و تێیدا گۆرانییەكی كەڵهوری دەڵێتەوە، گۆرانییەكە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، وەزیری پەروەردەشی ناچار كرد سەردانی كەركووك بكات و رێز لە مامۆستاكە بگرێت.
لە رۆژی ئاڵای كوردستان پەیامنێری "وشە" لە قوتابخانە خانزاد، ڤیدیۆیەكی تۆمار كرد و مامۆستایەكی قوتابخانەكە سروودێكی نیشتمانی بەشێوەزاری كەلهوڕی دەڵێتەوە، قوتابییەكانیشی بە حەماسەوە بەدوایدا دەڵێنەوە.
ڤیدیۆكە بەشێوەیەكی خێرا بووە ترێند و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆرترین بینەری هەبوو، بەجۆرێك لە ئینستاگرامی "وشە" بڵاو كرایەوە و 413 هەزار كەس بینیویەتی، لە پەیجی "وشە"ش 555 هەزار كەس بینیویەتی.
هاوكات ئەو ڤیدیۆیە دوای بڵاوبوونەوەی لە "وشە"وە، گەیشتە هەموو پارچەكانی كوردستان و لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆرترین بینەری هەبووە، لە باشووریش زۆرترین شێر و لایكی ئەو هەفتەیەی بەركەوتووە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، چووە كەركووك و لە قوتابخانەكە رێزی لە مامۆستا "ئامەد" گرت و رای گەیاند، من بەهۆی "وشە"وە قوتابخانەكە و مامۆستا ئامەدیشم ناسی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەزگای "وشە" ڤیدیۆكەم بینی و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.
ئەوەشی گوت، هاتووین بۆ كەركووك بۆ ئەوەی رێز لە مامۆستا ئامەد بگرین، رێزگرتن لەویش رێزگرتنە لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە شارەكە و ئێمە هەرچیمان لە ەست بێت لە خزمەتیاندا دەبین.
لەبارەی ڤیدیۆكەوە مامۆستا ئامەد لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" گوتی، زۆر سوپاستان دەكەم و رۆڵتان هەبوو لە ناساندنی من و قوتابخانەكەش.
باسی لەوەش كرد، پەیامی من ئەوەیە هەموومان رێز لە ئاڵا و نیشتمان و بابەتە نەتەوەییەكانمان بگرین و بۆی تێبكۆشین.
ئەوەشی گوت، بەڤیدیۆكەی ئێمە كە لە "وشە" بڵاو كرایەوە، پەیامی هەموو خەڵكی كوردی ناوچە كوردستانییەكانی گەیاندە هەموو ناحەزان.