بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی میران بەكر راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە رێوشوێن و لێكۆڵینەوەی پێویست لەبارەی ئەو دۆسیەیە دەگرنە بەر.
میران بەكر پاڵانی راگەیاندنكاری یەكێتی و كادری باڵا، وەك خۆی بڵاوی كردەوە، شەوی هەینی/شەموو 20ی كانوونی یەكەم، سەعات 11 و نیوی شەو لەلای گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە هەولێر كە دەكەوێتە پشت بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبەكە، هێرشی كراوەتە سەر و دوای ئەوەی توورەگەیان لەسەر كردووە، سێ سەعات بە لێدان و بۆكس لە شوێنی نادیار بێسەروشوێنیان كردووە.
میران بەكر كە سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، وەزارەتەكە سەرباری ئەوەی رای گەیاند، لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن. ئەوەیشیان گوت كە دوو ساڵە ئەو لەو پۆستەدا نەماوە.
ئەوەی شیاوی بیرهێنانەوەیە لە ماوەی رابردوودا، میران بەكر و شنیار ئەنوەر پەرلەمانتاری یەكێتی و نزیك لە سەركردایەتیی باڵای ئەو حزبە، كێشە كەوتە نێوانیان و میران بەكر لە نووسینێكدا، چەندان نهێنیی لەبارەیەوە ئاشكرا كرد، بۆیە ئێستە هەموو ئاراستەكان بەو جۆرەن كە ئەو كردەیە لەلایەن ئەوەوە ئەنجام درابێت / هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە/.
پۆلیسی هەولێر رای گەیاند، هاووڵاتیی میران بەكر كە كارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندام و كادری یەكێتییە، درەنگانی شەوی هەینی لە سنووری بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لایەن چەند چەكدارێكی خۆیانەوە گیراوە و ئازاردراوە و دوای ماوەیەك ئازاد كراوە.
روونكراوەتەوە كە لە هەبوونی سكاڵای یاسایی، پۆلیس و و لایەنە پێوەندیدارەكان رێوشوێنی لێكۆڵینەوە و رێكارەكانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی راستی و سەروەركردنی یاسا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان.
هەروەها هاووڵاتییان دڵنیا دەكەنەوە كە بە هیچ جۆرێك رێگا نادرێت هیچ كەس و لایەنێك هەوڵی تێكدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی كەسی و كەرامەتی هاووڵاتیبان بە هیچ بیانوێك پێشێل بكات.