مەزڵووم عەبدی رای دەگەیەنێت، دەبێت ئێران گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بە باشی بخوێنێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكەش، پێویستە مافی كورد بدات.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە ڕای گەیاند: كوردانی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی بەردەوامیان بوون و تەنانەت یەكەمین شەهیدی شۆڕشەكەش كوردێكی ڕۆژهەڵات بووە.
فەرماندارەكەی كورد گوتیشی، هاوكاتی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، هەژموونی ئێران گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە و ئەو باڵادەستییەی نییە كە پێشتر هەیبوو، دەبێت ئێرانیش بە باشی ئەو گۆڕانكارییانە بخوێنێتەوە و گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردندا بكات، مافی كورد و تەواوی ئەو پێكهاتانە بدات كە لەوێ هەن، خواستی گەل لەبەرچاو بگرێت تا مەترسی لە خۆی دوور بخاتەوە.
مەزڵووم گوتیشی، ئەوان لە ڕۆژئاوا هەمیشە پاڵپشتیی گەلی كورد دەكەن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەر كاتێك ڕۆژهەڵات پێویستیی پێ بێت، ڕۆژئاوا لە پشتی دەبێت.