وەزیری پەروەردە: زەویی مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەركووك دەدرێت

:: PM:04:17:21/12/2025 ‌
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، بە بڕی یەك ملیارێك و 800 ملیۆن دینار پێداویستی بۆ ناوەندەكانی خوێندنی كوردی خەرج كردووە. دەڵێت: لە پێدانی زەوی بە مامۆستایان و فەرمانبەران، تایبەتمەندیی مامۆستایانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە بەرچاو دەگیرێت.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لە كەركووك سەردانی قوتابخانەی خانزادی كرد، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە، لەم قوتابخانەیە ڕێوڕەسمێكی تایبەت بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان ئەنجام درا و "وشە" ڤیدیۆی مامۆستا ئامەدی بڵاو كردەوە كە سروودێكی نەتەوەیی بەمنداڵانی كەركووك دەڵێتەوە، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

وەزیری پەوەردە گوتی، ژمارەیەك قوتابخانە لە كەركووك و ناوچەكە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەن كراونەتەوە، زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا گرێبەستیان بۆ كراوە، 200 مامۆستاش بە هەمیشەیی كراون.

دەڵێت: لە پێدانی زەوی بە مامۆستایان و فەرمانبەران، تایبەتمەندیی مامۆستایانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو دەگیرێت.

گوتیشی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئامادە نییە ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بگوازێتەوە سەر حكوومەتی عێراق و دەڵێن، بەپێی یاسای بودجە ڕێگریی یاسایی لە گواستنەوەی ڕاژەیان هەیە.

وەزیری پەروەردە دووپاتی كردەوە، كابینەی نۆیەم بە بڕی یەك ملیارێك و 800 ملیۆن دینار پێداویستی بۆ ناوەندەكانی خوێندنی كوردی خەرج كردووە، ژمارەیەك قوتابخانە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەن كراونەتەوە، زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا گرێبەستیان بۆ كراوە، 200 مامۆستاش بە هەمیشەیی كراون.



وشە - سۆران عەزیز