بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بكات و زنجیرەیەك كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان ئەنجام بدات.
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە دواین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، شاندێكی دانوستانكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان پێكهێنرا و بڕیاریشە سبەی سێشەم شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بكات.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە سبەی سێشەم شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بكات، لەوێ دەست بە زنجیرەیەك كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان "شیعە و سوننە" بكات.
وەك نوێنەرەكەی هەرێم دەڵێت: ئامانجی سەردانی شاندەكەی پارتی، گفتوگۆیە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پۆستەكانی كورد و كێشەی ناوچە لەسەرەكانی مادەی 140 و بودجە و مووچەی كوردستان.
شاندەكە بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسییە و پێكهاتووە لە هەریەك لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، ئومێد سەباح ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا.