سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە سەردانێكی فەرمیی لە دەوڵەتی میسرە و لەلایەن سەرۆك كۆماری میسر پێشوازیی لێ را، بەرپرسی مەكتەبی پارتی لە میسر دەڵێ ، بەرپرسانی میسر بەڕوونی پێیان گوتووین دەمانەوێت پێوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری و تەناهیی بەهێز لە نێوانماندا هەبێت، میدیای میسر بە گرنگییەوە لە سەردانەكە دەڕوانن.
شێركۆ حەبیب بەرپرسی مەكتەبی پارتی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ میسر لەم كاتەدا گرنگە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانكاریدا تێدەپەڕێت، كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆكی میسر، سەردانەكە بۆ پتەوكردنی پێوەندیی دیپلۆماسی، كوردستان و میسر، پێوەندییەكان بەهێز دەكات و لایەنی میسری بۆی گرنگە.
زیاتر گوتی، ساڵی 2010 سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەوكات لە پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، لە قاهیرە لەلایەن سەرۆكی كۆچكردوو حوسنی موبارەك پێشوازی لێكرا، بووە هۆی كردنەوەی كۆنسوڵگەی میسر لە هەولێر، لە كۆبوونەوەی لووتكەی كوردستان و میسر بایەخ بە تەناهی و ئابووری و سیاسی، دەرگاكان لەسەر پشت دەبن بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان.
دەشڵێت، میسر پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی، كوردستانیش پێگەی تایبەتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كوردستان و میسر زۆر بابەتی هاوبەشیان هەیە، لە سەردەمی سەرۆك كۆماری كۆچكردوو جەمال عەبدولناسر پێشوازیی لە سەرۆك مستەفا بارزانی نەمر كرد، لە میسر بەردی بناغەی پێوەندیی كورد و میسر دانراوە، هەروەها كوردستان و میسر لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هاوكاریی لە نێوانیاندا هەبووە، ئەم سەردانە دەبێتە هۆكاری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
بەرپرسەكەی پارتی لە میسر دەڵێ، پێوەندیی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی پێوەندییەكی بەهێزە، پێوەندیی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی میسر زۆر گرنگە پێویستە زیاتر بایەخی پێ بدرێت، ئێمە بووینە دەوڵەتیش ئەوە دراوسێكانمان دەوڵەتی عەرەبییە، میسرییەكان شارەزایی باشیان لەسەر كورد هەیە، لە سەڵاحەدینی ئەیوبی و بوونی ڕادیۆ و ڕۆژنامەی كوردی لەو وڵاتە لە مێژوودا.
روونی كردەوە، لەگەڵ بەرپرسانی میسری زۆركات كە كۆ دەبینەوە ، باس لەوە دەكەن لایان مەبەستە پێوەندی وڵاتەكەیان و كوردستان بەهێز بكەین، سەردانەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هەنگاوێكی خێردار دەبێت بۆ پێوەندییەكانی هەولێر و میسر، بەتایبەت كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بێنە هەولێر لە ئارامی و ئاسایشدا وەبەرهێنان بكەن.
میدیای دەوڵەتی میسری زۆر گرنگی بە سەردانەكەی مەسروور بارزانی دەدەن بۆ وڵاتەكەیان، زیاتر لە 40 ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی و هەروەها تەلەفزیۆن و ڕادیۆ وەك هەواڵی گرنگی ڕۆژ بڵاویان كردووەتەوە، ئەمڕۆش ڕۆژنامەكان لاپەرەی یەكەمیان هەواڵی كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و عەبدولفەتاح سیسی دەبێت.
مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی1958 جەنابی بارزانی نەمر، لە یەكێتی سۆڤییەت گەڕایەوە، لە میسر جەمال عەبدولناسر بەفەرمی پێشوازیی لێ كرد و لای میوان بوو لە ماڵەكەی خۆی، ساڵی 2010 سەرۆك مەسعوود بارزانی لە قاهیرە، لەلایەن حوسنی موبارەك پێشوازیی لێ كرا، لە ساڵی 2025 سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی پێشوازی فەرمیی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی لێ كرا.
عەزیز هەورامی