بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی رای دەگەیەنێت، بەپێی ئەو رێنوێنییانەی هەبووە، ئەمساڵ 184 هەزار ئۆتۆمبێل لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان هاوردە كراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی یەكەم، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ 932 كۆمپانیا مۆڵەتی بازرگانییان بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل وەرگرتووە، 183 هەزار و 885 ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی هەردو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی و هەر چوار دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێم كراون.
زیاتر گوتی، لە ساڵی 2024ـدا 928 مۆڵەت دراوە بەكۆمپانیاكان و 172 هەزار و 231 ئۆتۆمبێل هاوردە كراون، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل ئەمساڵ زیادی كردووە، بەڵام مەرج نییە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازە فەرمییەكانەوە هاتوونەتە هەرێم سەرجەمیان لێرە بمێننەوە، بەڵكو بەشێكیان دەبرێنە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دەشڵێت، هەر كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێل هاوردە بكات، دەبێت پابەندی مەرج و ڕێنوێنییەكان بێت و پێویستە ئۆتۆمبێلەكە بڕاوە و سووتاو ژێرئاوكەوتوو نەبێت، لە هەمان كاتدا پێویستە ڕێژەی %5 یەدەگی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی كە هاوردەی دەكات بیهێندرێتە هەرێم.