ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی چەكی بانكی بۆ لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دەستی پێ كرد.
پرۆسەكە دابەشكردنی پارەیە بەسەر هەزار و 302 ماڵ كە لە لافاوەكەی نۆی ئەم مانگە زیانیان بەركەوتووە، بەگوێرەی خەمڵاندنی زیانەكان قەرەبوو كرانەوە.
بەگوێرەی لێدوانی د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ بۆ "وشە”، پرۆسەی دابەشكردنی ئەو قەرەبووە دوو رۆژی بۆ دابین كراوە، بەڵام تا خەڵك بمێنێ كارەكان بەردەوام دەبن.
روونیشی كردەوە كە ئەمڕۆ یەكەم رۆژی پرۆسەكە بەڕێوە دەچێ.
لەبارەی قەرەبووكردنەوەی شوێنی بازرگانی و دوكان بازاڕەكان دووپاتی كردەوە، ئەوانە دەكەونە بەشی دووەمی قەرەبووەكە.
زانیاریی تر لە لیژنەی قەرەبووەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی رازی نین بە قەرەبووەكە یان بەكەلوپەلەكەیان و خەمڵاندنی كەمتری بۆ كراوە، دەتوانن سكاڵا بنووسن و جارێكی تر لیژنەكە سەردانیان دەكاتەوە.
ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2025، لافاوێكی بەهێز سنووری چەمچەماڵی گرتەوە كە بەهۆیەوە، دوو كەس خنكان و زیاتر لە شەش كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، ئەوە جیا لەوەی كە زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت كەوت.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هەرزوو هاتە سەر هێڵ و فەرمانگە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە بە خێرایی كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاساییبوونەوەی چەمچەماڵ.
لە پاڵ حكوومەتەدا، هەریەك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كوردستان فاوەندەیشن و دەزگای روانگە فریای خەڵكی سنوورەكە كەوتن.