شارەزایەكی كەشناسیی رای دەگەیەنێت، لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای ساڵی نوێ، بەفربارینێكی چڕ هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی كانوونی یەكەم، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كۆتایی مانگ لە ڕۆژی شەموو لەسەر یەكشەم، كەشێكی ساردی بەفراوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە زۆربەی ناوچەكان بەفربارین دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، بەفربارینی ئەمجارە چڕ دەبێت و لە سنووری هەولێر نزیك دەبێتەوە و لە دەرەوەی سەنتەر دەبارێت، هەروەها شەقڵاوە و پیرمام و دەوروبەریشی بەفربارین دەیگرێتەوە، ئەمە وەك قۆناغی یەكەم دەبێت، لە قۆناغی دووەمیشدا ڕۆژی 29 تا 31ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات، قۆناغی سێیەمیش لە سەرەتاكانی ساڵی نوێدا دەبێت.
گەڵۆزی پێشبینی كرد، لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی بەفر زۆر نابارێت، بەڵام لە چیاكانی ئەزمەڕ و گۆیژە و دەباشان و گەڕەكە نزیكەكانی كە نزیكن لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود، بەفریان لێ دەبارێت.
روونی كردەوە، بەپێی ئەو پێشبینییانەی كەشوهەوا هەیە ئەگەر گۆڕانكارییان بەسەردا نەیەت، بەفرێكی چڕ ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات.