رۆژنامەنووس و كادرێكی دیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای دوو دەیە كاركردن لەناو ئەو حزبەدا، بەهۆی رفاندن و ئەشكەنجەدانی لەلایەن هێزێكی دەمامكدارەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند و دەڵێت، تەمەنێكم لەپێناو فكرەیەكدا بەسەر برد، بەڵام ئێستە دەمەوێت وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ ڕێزی خۆم بگرم.
ئەمڕۆ دووشەم، 22ی کانوونی یەکەم، میران بەکر پاڵانی، ڕۆژنامەنووس و کادری یەکێتی، لە نامەیەکدا بە ناونیشانی "نامەی دەستلەکارکێشانەوە" نووسیویەتی: دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ لە تەمەن و گەنجێتیم لەناو ڕیزەکانی یەکێتی، ئەمڕۆ ئەم کاروانە کۆتایی پێ دەهێنم، جێهێشتنی ئەم حزبە بۆ من تەنیا جێهێشتنی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکو جێهێشتنی بەشێکی گەورەی تەمەن و یادگارییەکانمە.
میران لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە، من تەمەنێکم لەپێناو فکرەیەکدا بەسەر برد، ئێستاش دەمەوێت وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و دوور لە جەنجاڵی سیاسی، تەنیا ڕێزی خۆم و مێژووەکەم بگرم.
لەبارەی هۆکاری وازهێنانەکەشی بەڕاشکاوی نووسیویەتی، وەک پاداشتی ئەو هەموو ساڵەی خزمەت و وەفا، لەبری ڕێزگرتن لە ماندووبوونەکانم، لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە بە شێوازێکی نەشیاو ڕووبەڕووی لێدان و بێڕێزی و سووکایەتی بوومەوە.
ڕووداوی لێدانەکە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی هەینی لەسەر شەموو 20ی کانوونی یەکەم، لە دەوروبەری سەعات 11:30ی شەو، لە گەڕەکی شەهیدانی یەکێتی لە شاری هەولێر کە دەکەوێتە پشت بارەگای مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، هێزێکی دەمامكدار هێرشیان کردووەتە سەری و توورەکەیان کردووەتە سەری و بۆ ماوەی سێ سەعات لە شوێنێکی نادیار بە لێدان و بۆکس ئەشکەنجەیان داوە و بێسەروشوێنیان کردووە.
ئەو رۆژنامەنووسە لە نامەكەیدا دەڵێت، کاتێک کار گەیشتە ئەوەی لەناو حزبێکدا پەنا بۆ دەمامک دەبرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کادرە دڵسۆزەکان، ئەوا زمانێک بۆ گفتوگۆ نامێنێتەوە، کەرامەتی من و خێزانەکەم لە سەرووی هەموو پلە و پۆستێکەوەیە و ئامادە نیم یەك چركە لە شوێنێك بمێنمەوە كە شكۆی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت.
میران بەكر لە كۆتایی نامەكەیدا وتەیەكی جەلالی تاڵەبانى وەبیر حزبەكەی هێناوەتەوە كە دەڵێت، لێدان چارەسەر نییە، نیشانەی ترس و شکستە. هەروەها دووپاتی كردووەتەوە، بڕیاری وازهێنانەكەی بێگەڕانەوەیە و لە داهاتوودا كار بۆ هیچ حزبێكی تر ناكات و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە.