وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی بێژەرێکی كەناڵ هەشت دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، تەنیا لە ساڵی 2025دا بڕی 160 ملیار دیناریان بۆ پڕۆژەکانی چەمچەماڵ تەرخان کردووە و ئەگەر گرنگیپێدانی ئەوان نەبوایە، کارەساتی لافاوەکە گەورەتر دەبوو.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە میانی گەشتی هەواڵەکانی ڕۆژی دووشەم سەعات 12ی كەناڵ هەشتدا، یەکێک لە بێژەرانی ئەو كەناڵە بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت: وەزیری دارایی و ئابووری چی بۆ چەمچەماڵ کردووە؟.
وەزارەتەکە لە شەش خاڵدا وەڵامی ئەو پرسیارە و ڕای گشتی دەداتەوە و دەڵێت، وەزارەتی دارایی تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان مەکەن و ئەم ڕاستییانەی خستووەتە ڕوو:
1- لە بودجەی دیاریکراوی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025) کە پەرلەمانی عێراق بە هەموو لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەنگی لەسەر داوە، لە بڕگەی تایبەت بە (مینحە و ئیعانات)دا، هیچ پشکێکی (بەخشین) بۆ حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دانەناوە، بۆیە وەزارەتی دارایی لە سنووری بودجەی دیاریکراودا مافی هیچ جۆرە بەخشینێکی نییە. وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ کەناڵی 8ـی بێ زانیاری، دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆکی یاسای بودجەی ئەو ساڵانە.
2- وەزارەتی دارایی وەک لایەنێکی فەرمیی حكوومەت، هەر بودجە و پارەیەک تەرخان بکات بۆ هەر ناوچەیەک، دەبێت بەپێی ڕێکار و یاسا و ڕێنوێنییەکانی حكوومەت بێت و لە ڕێی پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمییەوە بێت.
3- لە ماوەی شەش ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا، سەرباری هەموو ئەو کێشە و تەنگژانەی بەهۆی ئابڵوقەی ئابووریی عێراقەوە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، لە سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری، "یەک بەرد نەخراوەتە سەر بەردێک بەبێ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
4- تەنیا لە ساڵی 2025دا وەک وەزارەتی دارایی، ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی چەمچەماڵ دراوە، کە زۆرینەیان بەر سێکتەری شارەوانی و ڕێگەوبان کەوتووە، ئەوە جگە لە تەرخانکردنی ملیاران دیناری تر بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە، کارەبا و خوێندنی باڵا. وەزارەتەکە داوا لە كەناڵ هەشت دەکات بۆ ڕاستی و دروستیی ئەمە، بەدواداچوون بۆ فەرمانگەکان بکات.
5- وەزارەتی دارایی وەبیری دەهێنێتەوە کە "ئەوە وەزارەت و وەزیری دارایی بوون دوا شەڕیان لەسەر خەرجکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کرد و ڕێگرییەکەش لە بندەستی چەمچەماڵەوە بوو بە تەرخان نەکردنی سیولەی پێویست بۆی".
6- لە خاڵی شەشەمدا هاتووە، كەناڵ هەشت و هاوشێوە پۆپۆلیستەکانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی کارەکانی وەزارەتی دارایی لە چەمچەماڵ بکەن، سەردانی زانکۆی چەرموو هەتا یەک بە یەکی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بکەن و بزانن ئەوەی بەبێ دەنگ و بە کرداری خزمەتی چەمچەماڵی کردووە کێ بوون؟.
وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە بەشێک نییە لە ململانێی سیاسی و بێلایەنیی خۆی پاراستووە و تەنیا ڕێگەی کوردایەتیی گرتووەتەبەر، بۆیە داوا دەکات لە موزایەداتی سیاسی دوور بخرێنەوە. هەروەها دەڵێت، پێمان وایە ئەگەر گرنگیپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابووری نەبوایە، کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە دوا خزمەت بۆ ئەو شارۆكەیە کراوە و هاتووە "لەسەر داوای سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، پێشینەی هەموو فەرمانگەکانی سنووری چەمچەماڵ بە (ئیستیسنا) و پێش هەموو داودەزگاکانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە".
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی ڕای گەیاندووە، هەرچی لە دەسەڵاتیاندا بێت بۆ ئەو ناوچەیە کردوویانە و دەیکەن، "هەموو ڕێگرییەکانیش نەک لە وەزارەتی دارایی نییە، بەڵکو لە دەوروبەری چەمچەماڵ بوون". هۆشداریش دەدات کە "هەر کەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەتمان بکات، بێ وەڵام نابین".