وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامێکی تونددا بۆ "کەناڵ هەشت"، بە بەڵگە و ژمارە وردەکاریی خەرجی و پڕۆژەکانی شارۆكەی چەمچەماڵی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، ئەوەی دەیخەنە ڕوو تەنیا مشتێکە لە خەروارێک و وەڵامی سەرجەم کۆمێنتەکانی ئەو کەناڵە دەدەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی کانوونی یەکەم، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی بێژەرێکی کەناڵ هەشتی دایەوە کە پرسیاری کردبوو "وەزیری دارایی چی بۆ چەمچەماڵ کردووە؟"، وەزارەتەکە لیستێکی بەرفراوانی پڕۆژە و خەرجییەکانی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی دارایی لە پەیامە نوێیەکەیدا دەڵێت، تا وەڵامی چەواشەکارییەکانی کەناڵ هەشت سارد نەبووەتەوە، ئەمە مشتێکە لە خەرمانی کار و پڕۆژەکانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لە چەمچەماڵ".
وەزارەتەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت "بۆ هەموو کۆمێنتەکانی کەناڵ هەشت وەڵاممان دەبێت و خاڵ دەخەینە سەر پیتەکان".
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی بڵاوی کردوونەتەوە، تەنیا لە ساڵی 2025دا ئەم گوژمانە خەرج کراون:
١. پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ (قۆناغی یەکەم): گۆژمەی تەرخانکراو زیاتر لە 140 ملیار دینارە و تەنیا لە ساڵی 2025دا بڕی 37 ملیار و 614 ملیۆن دیناری بۆ تەمویل کراوە.
٢. پڕۆژەکانی تر: پارە بۆ دروستکردنی ڕێگەی تێکەڵە بۆ گوندەکان، قیرتاوکردنی گوندی حەیدەر بەگ، ڕاکێشانی بۆریی ئاو بۆ شارەدێی شۆڕش، خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی بینای سکوڵی پەروەردە خەرج کراوە.
٣. کۆی گشتیی تەمویل: کۆی گشتیی گۆژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان زیاتر لە 155 ملیار دینارە و لە ساڵی 2025دا بڕی 38 ملیار و 552 ملیۆن دینار تەمویل کراوە.
هەروەها لە خشتەیەکی تردا، وەزارەتی دارایی تەمویلی پڕۆژەی بەشێک لە وەزارەتەکانی لە گەنجینەی چەمچەماڵ بۆ ساڵی 2025 خستووەتە ڕوو، کە کۆی گشتییەکەی نزیکەی دوو ملیار دینارە و پشکی شێر بەر وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و خوێندنی باڵا کەوتووە.
پێشتر وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاشکرای کردبوو، ئەوان ڕەزامەندییان لەسەر خەرجکردنی پارە داوە، بەڵام "ڕێگرییەکە لە بندەستی چەمچەماڵەوە بووە بە تەرخاننەکردنی سیولەی پێویست بۆ پڕۆژەکان"، بەتایبەت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە.
وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە، لە شەش ساڵی ڕابردوودا یەک بەرد بەبێ ئەوان نەخراوەتە سەر بەرد لە چەمچەماڵ و ئەگەر گرنگیپێدانی ئەوان نەبوایە، کارەساتی لافاوەکە گەورەتر دەبوو.