درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لە چەند شوێنێك بەفر باری و كەشناسێكیش دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی ئیداری بۆ هەفتەی داهاتوو ئامادەكاری بۆ بارانێكی زۆر بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو ئامارەی لە كەشناسی بە "وشە" دراوە، شەوی رابردوو جگە لە بارانبارین، بەفرێكی زۆر باریوە و لە سنووری كێلێ 17 سانتیمەتر بەفر باریوە.
هاوكان هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە 28ـی كانوونی یەكەم، شەپۆلێكی باران و بەفر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، لە قۆناغی یەكەمدا شەپۆلەكە لە شەپۆلێكی بەفر و بارانی مامناوەند گۆڕاوە بۆ شەپۆلێكی بەفر و بارانبارینی بەهێز.
دەشڵێت، ئەو شەپۆلە بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان جێگیر بووە، داوا لەلایەنە پێوەندارەكانی دەكەم ئامادەكاری بكەن بۆ هەر ڕووداوێكی نەخوازراو، چونكە ئەگەری هەیە بەهۆی دابەزینی زیاتری پەستانی هەوا و دروستبوونی بارستە هەوری زەبەلاح كە بە هەوری سوپەرسێڵ ناسراوە، تاوەبارانی خێرا و بەلێزمە لە هەندێ كاتدا بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم بگرێتەوە.
روونی كردەوە، پیشبینی دەكرێت لە هەندێك ناوچە 200 ملم باران ببارێت، ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو.