دوای هێرشە رەگەزپەرستەكەی یانە توركییەكە بۆ سەر لەیلا زانا، لە باشووری كوردستان پاڵپشتی و پشتگیریی بۆ ئەو خانمە بەردەوامە، پارێزگاری دهۆك پەیامێكی پشتیوانیی ئاراستەی لەیلا زانا كرد و وەڵامی ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستییانەی دایەوە.
لە یاریی نێوان سۆماسپۆر و بورساسپۆر كە رۆژی 16-12-2025 لە یاریگەی نازم یاڤوز سەربە شارۆچكەی سۆما لە پارێزگای مانیسای توركیا بەڕێوەچوو، گوتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستانە لەلایەن هاندەرانی بورساسپۆرەوە دژی لەیلا زانا سیاسەتڤانی كورد، كاردانەوەی گەورەی لە رای گشتیدا لێ كەوتەوە.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە پەیامەكەیدا كە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر لەیلا زانا ڕای گەیاندووە: هەر كوردێكی نیشتمانپەروەر كەسوكاری ئێمەیە و جێگەی شانازی و سەربەرزییە.
پارێزگاری دهۆك بەم پەیامە، دووپاتی لە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی كردووەتەوە بۆ ئەو سیاسەتمەدارە و ڕەتكردنەوەی هەر جۆرە هێرشێكی ڕەگەزپەرستی بۆ سەر كوردانی نیشتمانپەروەر.
هاوكات ئەو كارە لە ناوخۆی توركیاش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دەوڵەتی باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) گوتی: ئەو سووكایەتی و بێڕێزییەی بە لەیلا زانا كراوە، ڕەفتارێكی بێڕەوشتییە و خزمەتی یەكگرتوویی توركیا ناكات.
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەنراوێكی ناڕەزایی لەبارەی ئەو بێڕێزییانە دەركردووە و بە توندی سەركۆنەی دەكات كە لەیلا زانای كردبووە ئامانج، داواش لە وەزارەت و دامەزراوە پێوەندیدارەكان كرد لێكۆڵینەوە لەو كردەوەیە بكەن و ئەم زمانە ژەهراوییە كە لە یارییەكی تۆپی پێدا بەكار هێنراوە، دەربڕینی عەقڵییەتێكی ڕەگەزپەرستی و فاشیستە.
لە باشووری كوردستان لەو رۆژەوە تا ئێستە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ بوون لە وێنە و ڤیدیۆی لەیلا زانا، هاووڵاتییانی شارەكانی باشووری كوردستان پاڵپشتی و پشتگیریی ئەو سیاسەتمەدارە كوردە دەكەن.