بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران دراوە، ئێستە ئامادەكارییەكان لەگەڵ هاتنی پارە و دابەشكردنی دەستی پێ كردووە، لە ئەگەر هاتنی پارەش لە رۆژی پشوودا، ئەوا دەبێت فەرمانبەران بگەڕێنەوە دەوام.
ئەمڕِۆ چوارشەم 24ـی كانوونی یەكەم، بەپێی ئاگادارییەك كە لە بانكەكانەوە بە فەرمانبەران دراوە و تێیدا هاتووە، بەپێی خشتەی پشووەكان لە ڕۆژی پێنجشەم تا ڕۆژی شەموو لە سەرجەم داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت، بەڵام لە كاتی پێویست دەبێت بگەڕێنەوە دەوام.
ئەوەش زانراوە، گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ ئەوەیە لە كاتی هاتنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێم، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژانی پشوو بەردەوام دەبێت.
هاوكات ئەگەر عێراق بەربەست دروست نەكات، ئەوا دەبێت سبەی بڕە پارەكە بخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئۆكتۆبەری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا.
ئەوە لە كاتێكدایە كە رۆژی دووشەم بە فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 120 ملیار دیناری وەك داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا رەوانە كرد كە پێشتر رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی لەسەر كرابوو.
زانیارییە نوێیەكە ئەوەیە كە بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەكی عێراق بۆ "وشە"، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپاردووە كە مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەكە بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە ناردنی ئەو پارەیە بكرێت.
"وشە" لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانی پرسی كە لە كاتی گەیشتنی پارەكەدا مووچە چۆن دابەش دەكرێت؟ روونی كردەوە كە هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو بە سێ ڕۆژ كەمتر مووچە دابەش دەكرێت، ئەگەر پشووی سەری ساڵیش هەبێت دابەشكردنی مووچە ناوەستێ.