دوای ئەنجامدانی تیروپشك بۆ دوو هەزار فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە رای دەگەیەنێت، ناوی هێزەكانی پێشمەرگەشی تێدایە و ناوەكانیان بۆ یەكە سەربازییەكانیان دەنێرینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی كانوونی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، ژمارەیەكی تری ناوی سوودمەندانی پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی زەوی لە هەولێر لە سەنتەری شار ئاشكرا دەكرێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، ناو و لیستی ئەو پێشمەرگانەی كە ئەمجارە سوودمەند دەبن، بە هەمانشێوەی رابردوو ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێتەوە، دواتر ناوەكان لە ڕێگەی لیژنەی وەرگرتنی زەوییەوە بۆ یەكە سەربازییەكان رەوانە دەكرێنەوە.
باس لەوەش كراوە، ئەفسەر و پێشمەرگەكان دەتوانن سەردانی یەكەكانی خۆیان بكەن بۆ زانینی وردەكاریی زیاتر.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردەوە، سبەی دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناو شاری هەولێر دابەش دەكرێت، بەوەیش دەبێتە پێنجەم بەشی فەرمانبەران كە زەوی وەردەگرن.
سەرەتای ئەمساڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دابەشكردنی زەویی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی هەولێر لە گەڕەكە جۆراوجۆرەكان / بەگوێرەی كارتی زانیاری/ بوونە خاوەنی زەوی 200 مەتری و ئێستە پڕۆسەكە بەردەوامی هەیە.