ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و هادی عامری بڵاو كرایەوە

:: AM:11:55:24/12/2025 ‌
بۆ دووەمین رۆژ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لە گفتوگۆكانیان بەردەوامن، ئەمڕۆ لەگەڵ هادی عامری كۆبوونەوە و باسی گفتۆگۆی نێوانیان كرد كە پێكهێنانی حكوومەت بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی كانوونی یەكەم، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، دوای كۆبوونەوەكە رای گەیاند، بەڕێزان لە پارتی شاندێكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن، نەك تەنیا لەسەر پێكهێنانی حكوومەت، بەڵكو بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق. 

دەشڵێت، شاندەكە بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەكانیان كردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان كرد.

لەبارەی ناوەڕۆكی دیدارەكەیان عامری ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆكانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەكێك لە گرنگترین بابەتەكان، پەلەكردن بوو لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەتوانا كە بتوانێت كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات.

رۆژی سێشەم 23ـی كانوونی یەكەم، بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بەغدا، بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدات.

دوێنێ‌ فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە دواین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، شاندێكی دانوستانكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان پێكهێنرا و بڕیاریشە سبەی سێشەم شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بكات.

وەك نوێنەرەكەی هەرێم دەڵێت: ئامانجی سەردانی شاندەكەی پارتی، گفتوگۆیە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پۆستەكانی كورد و كێشەی ناوچە لەسەرەكانی مادەی 140 و بودجە و مووچەی كوردستان.

شاندەكە بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسییە، پێكهاتووە لە هەریەك لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، ئومێد سەباح ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا.




وشە - رامیار جەواد