بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و دووپات لەسەر قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی نێوان سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی كوردستان دەكاتەوە.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت)
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی سەرجەم خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی نێوان سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی كوردستان دەكەمەوە و ئومێدی ئەوە دەخوازم خوشك و برا كریستیانەكانمان هەردەم جەژن و بۆنە و خۆشییەكانیان لە ئارامی و ئاشتیدا بكەنەوە. هیوادارم ئەو بۆنەیە سەرەتای كۆتاییهاتنی ناخۆشی و نەهامەتی و ئازاری مرۆڤایەتی بێت لە هەموو جیهان و ئاشتی و پێكەوەهەڵكردن شوێنی بگرێتەوە.
مسعود بارزانی
24ی كانوونی یەكەمی 2025