نێچیرڤان بارزانی: مەسیحی پێكهاتەیەكی ڕەسەن و دانەبڕاوی مێژوو و ئێستە و داهاتووی كوردستانن

:: PM:06:21:24/12/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە مەسیحییەكان دەكات و دەڵێ‌، خوشك و برایانی مەسیحی پێكهاتەیەكی ڕەسەن و بەشێكی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستە و داهاتووی كوردستانن.

لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح، بە گەرمی و لە دڵەوە لە هاووڵاتییانی مەسیحیمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها لە تەواوی مەسیحییان لە جیهان، پیرۆز دەكەم. هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە كەشێكی ئارامدا بكەنەوە.

" خوشك و برایانی مەسیحی پێكهاتەیەكی ڕەسەن و بەشێكی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، جارێكی تر پابەندیی هەرێمی كوردستان دووپات دەكەینەوە بە پاراستنی كولتووری دێرینی پێكەوەژیان، لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن. دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری كۆكەرەوەی هەموو پێكهاتەكان دەمێنێتەوە" سەرۆكی هەرێمی كوردستان وای نووسیوە.

هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچارەنووسین؛ پێكەوە لە ڕۆژە سەختەكاندا قوربانیمان داوە و پێكەوەش بە تەبایی و یەكڕیزی كار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەكانمان دەكەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵكردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم