كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ تا ئێستە لە وەرگرتنی پارەی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ بەردەوامە، بە گوێرەی دوایین زانیاری كە ئەم ئێوارە وەرگیراوە، تا ئێستە ملیارێك و 823 ملیۆن دینار وەك قەرەبوو دراوە بە هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ی كانوونی یەكەم، تاڤگە عومەر رەشید نوێنەری دەستەی مافی مرۆڤ لە بۆردی چاودێری قەرەبووكردنەوەی لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ، بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە ملیارێك و 823 ملیۆن و 177 هەزار دینار وەك قەرەبوو دراوە بە ماڵەكانی چەمچەماڵ.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو قەرەبووە تەنیا ماڵەكانی گرتووەتەوە چونكە لە قۆناغەكانی داهاتوودا شوێنی بازرگانی و ئۆتۆمبێل قەرەبوو دەكرێنەوە.
لەلایەكی تریشەوە، "وشە" لە بانكی چەرمووی لە چەمچەماڵ پرسی كە تا ئێستە چەند پارە وەك هاوكاری كۆ كراوەتەوە، بە گوێرەی راپۆرتی بانكەكە تا ئەمڕۆ 10 ملیار و 54 ملیۆن و 233 هەزار دینار خراوەتە سەر حسابی ئەو كۆمەككردنە.
رۆژانی دووشەم و سێشەمی ئەم هەفتەیە، لە چەمچەماڵ قەرەبووی هەزار و 302 ماڵ كرایەوە، بەڵام لەنێو ماڵەكاندا بەشێكیان لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا نەهاتن. كۆمسیۆنەكە دوایین بڕیاری ئەوە بوو كە قەربووی هیچ كەسێك لە 500 هەزار دینار كەمتر نەبێت.
ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2025، لافاوێكی بەهێز سنووری چەمچەماڵی گرتەوە كە بەهۆیەوە، دوو كەس خنكان و زیاتر لە شەش كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، ئەوە جیا لەوەی كە زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت كەوت.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هەر زوو هاتە سەر هێڵ و فەرمانگە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە بە خێرایی كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاسایبوونەوەی چەمچەماڵ.
لەپاڵ حكوومەتەدا، هەریەكە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و كوردستان فاوەندەیشن و دەزگای روانگە فریای خەڵكی سنوورەكە كەوتن.