سەربازی ون.. تیمی ئەندازەی هاتوچۆ زیاتر هەزار كیلۆمەتریان هێڵكاری كردووە

:: AM:09:10:25/12/2025 ‌
كاتێك بە شەقامەكان دەڕۆیت، هێڵكاری شەقامەكە و ئەو هێمایانەی دانراون زیاتر دڵنیایی بە تۆی شوفێر دەدەن، ئەو كارە لەلایەن تیمێكی ناوخۆیی ئەنجام دەدرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی كانوونی یەكەم، دیلان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی كار بۆ ساڵی 2025دا، بە پاڵپشتی بەردەوامی وەزارەتی ناوخۆ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شار و ئیدارە سەربەخۆكان و بەشە ئەندازیارییەكانی هاتوچۆ و بەدەستی كاری ناوخۆیی، نزیكەی هەزار و 85 كێلۆمەتر درێژی هێڵكاری بۆ شەقامەكانی ناوشار و ڕێگەكانی دەرەوە كراوە بەتایبەت ڕێگە گەشتیارییەكان.

زیاتر گوتی، دروستكردنی پردی پەڕینەوەی پیادە و رێكخستنەوەی بەردەم قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان، تایبەت ئەو شوێنانەی پەڕینەوەی پیادەی لەسەرە بۆ پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و هاووڵاتییان، نزیكەی 350 شوێنی پەڕینەوە دروست كراون.

باسی لەوەش رد، نزیكەی حەوت هەزار هێمای نوێ و چاككردنەوەی هێمای كۆن لە شەقام و رێگەكان كراون، ئەمە جگە لە رێكخستنەوەی ترافیك لایتەكان و دانانی تاسەی پلاستیكی بۆ كەمكردنەوەی خێرایی و رێكخستنەوەی چوارڕیان و شەقامەكان بە دانانی فسفۆری پلاستیكی.



وشە - رامیار جەواد