دۆسیەی وریا عەبدولخالق خەریكە دەبێتە هۆكاری ئاشكراكردنی چەندان كاری نایاسایی كە ئەویش بریتییە لە گرتنی بەبێ هۆكار. كۆمپانیای سكاڵاكار دەڵێت، ئەو كەیسەی لەسەر گیراوە پێوەندیی بە ئێمەوە نییە، پشكنینی مۆبایلەكەشی گومانەكان زیاتر دەكات.
دوێنێ لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی بۆ ماوەی چوار سەعات وریا عەبدولخالق گیرا، دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد كرا.
ئەوەی بووەتە جێگەی گومان لەو كەیسەی بەبێ بوونی هیچ هۆكارێك مۆبایلی ئەو ڕۆژنامەنووسە، لەلایەن هێزەكانی سلێمانی لێی وەرگیراوە و بەبێ پرسی ئەو هاتوونەتە ناو مۆبایلەكەی تێیدا گەڕاون.
تەنانەت هەڵساون بە گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت بۆ مۆبایلەكەی و هاتنە خەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئەو بابەتەی كردووەتە جێی پرسیار، كۆمپانیای بەڕێز دەڵێت، گرتنی ئەو رۆژنامەنووسە پێوەندی بە ئێمەوە نییە.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بۆ ڕای گشتی دەڵێت، گرووپی ڕا بەردەوامن لە چەواشەكاری و ڕای گشتی دەشێوێنن، لەبارەی ئەو سكاڵایەی كە وریا عەبدولخالقی لەسەر گیراوە و بەكەفالەت ئازاد كرا، دوور و نزیك پێوەندیی بە كۆمپانیای بەڕێز و خاوەنەكەیەوە نییە.
كۆمپانیاكەمان بە تەنیا لە دادگای بەرایی سلێمانی، داوایەكی شارستانی – (مەدەنی) لەسەر ئەو تۆمار كردووە، كە مێژووی دادبینییەكەی 18- 1- 2026ە، لە بەرانبەر ئەو تۆمەتانەی كە خستوویەتییە پاڵ كۆمپانیاكەمان، گوایە پڕۆژەی چەرموو سیتی هۆكاری سەرەكیی بووە بۆ دروستبوونی كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ.
هاوكات میدیاكانی یەكێتی بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو بابەتە رای دەگەیەنن، لەسەر سكاڵای خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، وریا عەبدولخالقی رۆژنامەنووس لە چەمچەماڵ گیرا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، وریا عەبدولخاق بۆ ماوەی چوار سەعات لەلایەن دادوەری دەستەی دەستپاكییەوە دەستبەسەر كراوە، دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد كرا، میدیای یەكێتی دەڵێت، گرتنەكەی بەهۆی سكاڵایەكی مەلا یاسین خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بووە.
هاوكات رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، بەشێك لەوانەی كە لەناو دەزگای تەناهی بەهۆی نووسین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشداریی ناڕەزایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ سەعاتێك یان زیاتر دەستبەسەر كراون، دەگێڕنەوە كە لێكۆڵەری بێ ئەزموون و ناشارەزا لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، خەیاڵی تەنیا لای مۆبایلی گیراوەكانە، سەرەتای قسەكانی بریتییە لەوەی ئادەی مۆبایلەكەتم بدەرێ، ئەوە ئەگەر لە كاتی گرتنەكەی ئاسایش بە شەق زەوتی نەكردبێت.
دەشڵێت، وای لێ هاتووە ئاسانترین و خێراترین ڕێگەكانی كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر كەسێك كە بۆ ئاوی خواردنەوە، بۆ شەقامێكی تەخت، یان بۆ مووچە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، یان بۆ دەرفەتی كاری یەكسان، یان كەرامەتی شكێنراوی، شەقامەكە بەڕووی هاتوچۆ دادەخات، كە دەبرێنە دەزگای تەناهی، خەیاڵی بەشێك لە لێكۆڵەری تەمبەڵ لای مۆبایلی ئەو بەدبەختانەیە، تا لە رێگەی پشكنینەوە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەییمان بزانێت.
"پاساوی ئەم رەفتارەیان كۆكردنەوەی زانیاری نییە لەسەر چیرۆكی ناتەواوی ئاسایشی نەتەوەیی، كە هەر بنكەیەكی ئاسایشی ئەم وڵاتە جۆرێك گێڕانەوە و خوێندنەوەی بۆ دەكات، هەر بنكەیەكی ئاسایش جۆرێك حیكایەتخوانی تێدایە، بەڵكو بۆ زانینی وشەی نهێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی دەستبەسەركراوانە كە بە بێ ئەوە گێڕانەوەكەیان ناتەواوە"، رەحمان وا دەڵێت.