لە كاتێكدا وەك خۆی گوتوویەتی، ماوەی 20 ساڵە خزمەت بە یەكێتی و میدیاكەی دەكات، بەڵام یەك كادری یەكێتی لە ترسدا نەیوێرا هەڵوێستی لەسەر رفاندنەكەی میران بەكر هەبێت.
میران بەكر پاڵانی راگەیاندنكاری یەكێتی و كادری باڵا، وەك خۆی بڵاوی كردەوە، شەوی هەینی/شەموو 20ی كانوونی یەكەم، سەعات 11 و نیوی شەو لەلای گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە هەولێر كە دەكەوێتە پشت بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبەكە، هێرشی كراوەتە سەر و دوای ئەوەی توورەگەیان لەسەر كردووە، سێ سەعات بە لێدان و بۆكس لە شوێنی نادیار بێسەروشوێنیان كردووە.
میران بەكر كە سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، وەزارەتەكە سەرباری ئەوەی رای گەیاند، لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن. ئەوەیشیان گوت كە دوو ساڵە ئەو لەو پۆستەدا نەماوە.
ئەوەی شیاوی بیرهێنانەوەیە لە ماوەی رابردوودا، میران بەكر و شنیار ئەنوەر پەرلەمانتاری یەكێتی و نزیك لە سەركردایەتیی باڵای ئەو حزبە، كێشە كەوتە نێوانیان و میران بەكر لە نووسینێكدا، چەندان نهێنیی لەبارەیەوە ئاشكرا كرد، بۆیە هەموو ئاراستەكان بەو جۆرەن كە ئەو كردەیە لەلایەن ئەوەوە ئەنجام درابێت / هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە/.
لەو رووداوەی كە بەسەر میران بەكردا هات، یەك كادری یەكێتی تەنانەت هاوڕێكانی پێشتری خۆیشی لەناو راگەیاندنی ئەو حزبە هەڵوێستیان لەسەر نەبوو.
یەكێك لە كادرانی راگەیاندنی یەكێتی كە ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە جۆرێك لە ترس لەناو حزبەدا بڵاو كراوەتەوە، بۆیە ئێستە كەس بوێری ئەوەی نییە لەسەر رووداوێكی لەمشێوەیە قسە بكات، لە كاتێكدا هەر لەلایەن چەكدارانی یەكێتی كرابوو.
ڕوونیشی كردەوە كە میران بەكر ماوەیەكی زۆر لەناو ئەو حزبەدا بوو، هاوڕێی زۆری هەبوون لە سەركردایەتی تا كادری راگەیاندن، بەڵام هیچ كامیان لە كۆمێنتێكیش هاوسۆزی نەبوون و نەیانوێرا قسە بكەن.
لە كاتی رووداوەكەدا، بەدران حەبیب رۆشنبیری كورد نووسیویەتی، لەبارەی ئەو لێدان و داركارییەی بۆ "میران بەكر”یان كردووە، راستی ئەوەیە كەس هیچ نەڵێ و هەموو چاوەڕوان بین بزانین كادر و ئەندامانی یەكێتی خۆیان چی دەڵێن، هیوادارم ئەوان هەڵوێستێك بنوێنن و ئەو كردەوە نابەجێ و ناشارستانی و ئاژەڵییە رەت بكەنەوە.
هەروەها گوتوویەتی، وا باشە بوێرن هەڵوێستەكەیەك پێشان بدەن، ئەگەر وا نەكەن، ئەوكاتە دەردەكەوێت ئەوانیش هەر كۆیلەن، كە شەو رۆژ ناو و ناتۆرەی "كۆیلە” بەردەدەنە دوای هەموو ئەندام و كادرێكی پارتی.
هەر لەو پۆستەدا میران بەكر خۆی وەڵامی داوەتەوە و دەڵێ، ڕاستییەكەی ئەوانەی باست كردوون، بە ڕەفیقە نزیكەكانی خۆشمەوە، بوێرن بۆ سێ شت كە بیڵێین، فڵان پاراستنە، فڵان خەتمایلە، فڵان ئەخلاقی باش نییە، لە كاتێكدا ترسنۆك و بوودەڵە و هیچ لەبارنەبووی كوێلەن. ئەسڵەن ئەو كوێلایەتییەی ئەوان دەیكەن، واقت وڕ دەمێنێ، نازانی ناوی لێ بنێی چی؟ هەر بەڕاستی چاوەڕێی هەڵوێست لەو كەسانە مەكە، بە سەلامێكی 300 هەزاری لە ئاین وەردەگەڕێن.